ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، پەیامی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی سوریا، پێگەی کورد، دانوستانە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، ڕووسیا، ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیاند.
"کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە سوریا"
سەرۆکی کاتیی سوریا جەختی کردەوە کە پێکهاتەی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی سوریا و ئاماژەی بەوەدا کە مافی ئەو کوردانەی لە سەردەمی ڕژێمی کۆندا ڕەگەزنامەیان لێ زەوتکرابوو، گەڕێنراوەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە مافە کولتوورییەکان دانپێدانراون و نەورۆز وەک پشووی فەرمی ناسێنراوە.
ئەحمەد شەرع جیاکاری لەنێوان گەلی کورد و هێزە سیاسییەکاندا کرد و گوتی: "کورد و هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات و یەپەگە پرسگەلێکی جیاوازن."
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ناوبەناو ئاستەنگ لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ یەپەگەدا هەبووە، بەڵام ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییە بناغەیەکی بەهێزتری هەیە و پرۆسەی جێبەجێکردنی بەردەوامە.
گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و پرسی جۆلان
لەبارەی دانوستانە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع ئاشکرای کرد کە دیمەشق لە ڕێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی دەدات بۆ خۆبەدوورگرتن لە ململانێی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بەڵام جەختی کردەوە: "پێشکەوتنی وردەوردە لە پەیوەندییەکاندا ئەگەری هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە سوریا دەستبەرداری مافە مێژوویی و یاساییەکانی خۆی بێت لەسەر بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو."
هۆشداری لە شەڕی ناوچەیی و پرسی لوبنان
سەرۆکی کاتیی سوریا هۆشداری دا لە مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ شەڕێکی ناوچەیی بەرفراوان. سەبارەت بە لوبنانیش گوتی: "سەقامگیریی لوبنان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی سوریا هەیە."
ناوبراو ڕەخنەی لە بوونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت (بە تایبەت حیزبوڵڵا) گرت و جەختی کردەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت. هاوكات ئامادەیی سوریای ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی بەیروت و ئاماژەی بەوەدا کە دیمەشق هیچ پلانێکی بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە لوبنان نییە.
ڕوڵی ئەمریکا، تورکیا و سعودیە لە هەڵگرتنی سزاکان
سەرۆکی کاتیی سوریا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پرۆسەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، هەروەها تورکیا و سعودیەش وەک نێوەندگیر ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە.
شەرع گوتی: "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەوڵی زۆری لەگەڵ ئەمریکا داوە بۆ لابردنی سزاکان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆنگرێس بۆ لابردنی ناوی سوریا لە لیستی "دەوڵەتانی سپۆنسەری تیرۆر" کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە لەسەریەتی، چونکە بەبێ ئەم هەنگاوە، هەڵگرتنی سزاکانی وەک "یاسای قەیسەر" بە تەنیا بەس نییە.
لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ڕووسیا
سەرۆکی کاتیی سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی دەوڵەت دەبێت، نەواک ڕژێمی کۆن.
ڕوونیشی کردەوە کە دانوستانەکان بەردەوامن سەبارەت بە داهاتووی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا (بە تایبەت بنکەی ئاسمانیی حمێمیم و دامەزراوەکانی تارتووس) بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یەک بنکەی سەرەکیدا کۆبکرێنەوە.
پەیوەندی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی کەنداو
لە کۆتاییدا ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی ئەرێنی لە گەشەکردندان و پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی "کەرکووک - بانیاس" لە بەرنامەی کاردایە.
هەروەها جەختی کردەوە کە وڵاتانی کەنداو (بە تایبەت سعودیە، قەتەر و ئیمارات) ئارەزوویەکی زۆریان نیشانداوە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، فڕۆکەخانە، خانووبەرە و گەشتیاری لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، لازقیە و تارتووس.