سوریا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور لە پارێزگای ئیدلب، و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەی لەقەڵەم دا.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، دیمەشق ئەم هێرشانە بە دەستدرێژییەکی بێ پاساو بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دەزانێت کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاڵۆزیی زیاترە لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکومەتی سوریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە ڕوونی سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بکەن و هەڵوێستێکی توند لە بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بگرنە بەر.
لە کۆتاییدا دیمەشق جەختی لەوە کردەوە کە سوریا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە سەروەری، مافەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی لە ڕێگەی سەرجەم ئامرازە ڕەواکانەوە کە لەلایەن یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستەبەر کراون.