وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە توانیویانە ڕێگری لە قاچاخچێتیکردنی بارێکی گەورەی "چەکی پێشکەوتوو" بکەن لە نزیک سنوورەکانی عێراقەوە، کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بڕیار بووە لە ڕێگەی خاکی سووریاوە ڕادەستی حیزبوڵڵای لوبنانی بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، یەکە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی گوماناویدا گرتووە کە لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق ڕاوەستابوو.
لە ئەنجامی پشکنیندا، بارێکی گەورە لە چەکی پێشکەوتووی وەک مووشەکی دوورهاوێژ، مووشەکی دژە تانک و چەندین درۆن دۆزراوەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی تۆڕی قاچاخچێتییەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوەن، بەردەوامە.
بۆ چەندین دەیەیە و تا پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئێران پشتی بە هێڵێکی لۆجستیی سەرەکی دەبەست کە بە خاکی عێراق و سووریادا تێدەپەڕی بۆ گەیاندنی چەک بە حیزبوڵڵای لوبنان.
دەشڵێت، لە سەردەمی ئەسەدا، سووریا تەواوی ژێرخانی دەوڵەت، یەکە سەربازییەکان و دەروازە سنوورییەکانی بۆ پاراستن و ئاسانکاریی گواستنەوەی ئەم چەکە ئێرانییانە تەرخان کردبوو.
جێی باسە ڕێگەی وشکانی لە ڕێگەی دەروازەی قائمی عێراقی (ئەلبوکەمال لە لایەنی سووریا)، خاڵی سەرەکیی گواستنەوەی چەکە قورسەکان بوون کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارە نزیکەکانی تاراندا بوون، بەڵام ئەم ڕێڕەوانە دوای ڕووخانی ئەسەد تێکچوون و پەکخران.
ئەم بارە چەکەی لەسەر سنووری عێراق دەستی بەسەردا گیراوە، گەورەترین باری چەکە کە لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە لە سووریا دەستی بەسەردا بگیرێت.
پێشتریش هێزەکانی سووریا لە چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا، لەوانەش لە ناوچەکانی حومس و قوسەیر، دەستیان بەسەر سەدان مووشەکی گراد و چەکی قورسدا گرتبوو کە لە پاشماوەی هاوکارییەکانی ڕژێمی پێشوو بوون بۆ حیزبوڵڵا.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکی سووریا ببێتە تێپەڕگە یان بنکەیەک بۆ قاچاخچێتیی چەک یان هەر چالاکییەکی دیکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوخۆی سووریا و وڵاتانی دراوسێ بکات.