ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخستنەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە شاری ئەدەنە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2028دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت و کار بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار دەکەن.
وەزیری داد جەختی لە بەرپرسیارێتیی ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی کردەوە بۆ ئامادەکاریی لە پێناو ئەو هەڵبژاردنەدا. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی ڕابردوو، 17ی ئەیلولی 2026، محەممەد ئوچوم، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاندبوو، پێشبینی دەکەن لە 16ی نیسانی 2028دا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا ئەنجام بدرێت و ئەردۆغانیش بۆ دواجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بکاتەوە.
بە گوێرەی دەستووری تورکیا، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان 5 ساڵ جارێک بەڕێوەدەچن، لە دوای دوایین هەڵبژاردن، کە لە ئایاری 2023دا ئەنجام درا، خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکان بە گوێرەی ڕۆژژمێری فەرمی بۆ ئایاری 2028 دیاری کراوە.