پاش ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی یەکەمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی (١ و ٢)ی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بە چاودێری هێزەکانی هاوپەیمانانی ڕاگەیاند.
چیمەن بابەكر بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆسەیە زامنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستکەوتە دەستوورییەکانمانە.
ناوبراو لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیای فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت بە مەبەستی ڕێکخستنی دەسەڵاتە کارگێڕی، دارایی و یاساییەکانی فەرماندەی دەڤەرەکان، بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکان بخرێنە ژێر چەتری یەکگرتووی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەدامەزراوەیکردنی هێزەکانمان، زامنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستکەوتە دەستورییەکانمانە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ، دکتۆر چیمەن بابەکر پرۆسەی یەکخستنەوەکەی زیاتر ڕوون کردەوە و گوتی، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە نێوان هەرێمی کوردستان و پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) واژووکراوە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، پێویستە تا تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆسەی یەکخستنەوەی گشتیی هێزەکان بە تەواوی کۆتایی بێت و تەواوی هێزەکان لەژێر یەک فەرماندەیی نیشتمانیدا کۆبکرێنەوە.
ئەم یەکگرتنەوەیە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سەربازیی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
بە چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانان، چاوەڕوان دەکرێت ڕێکخستنی دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکان و خێراکردنی پرۆسەی یەکخستنەکە، سوپایەکی نیشتمانیی تۆکمەتر و فەرمی بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم بهێنێتە کایەوە.