عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکە، لە ڕێگەی پەیامێکەوە، کە ئاراستەی کۆنفڕاسی ئاشتی و دیموکراسی کردووە، داوای قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجالان ئاماژەی بەوە کردووە، بانگەوازی ئاشتیی 27ی شوباتی 2025 دەرگایەکی نوێی کردووەتەوە و پەکەکە، پارتییە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی تورکیا بە دەم ئەم بانگەوازییەوە هاتوون، بۆیە لە ئێستادا پێویستە ئەم دەرفەتە بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی تەنیا بە بڕیار یان یاسایەک بەدی نایەت و دەستبەرداربوونی چەک تەنیا دەستپێکێکە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی، بەهۆی ئەوەی ئازادییەک لە سایەی چەکدا بەدەست بێت، لە کاتێکی کورتدا دەبێتە دژبەری ئەو بەهایانەی شەڕیان بۆ کراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی پەکەکە، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، ئەو بزووتنەوەیەی دامەزراندووە، ئەرکە مێژووییەکەی بۆ سەلماندنی بوونی کورد و شکاندنی زنجیری نکۆڵیکردن بە ئامانج گەیاندووە، بۆیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوویی، چونکە دادۆشین و داواکاری لەسەر شێوازی کۆن گەورەترین زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت.
هۆشداریشیدا، کە لە بری ستایشی چەکداریدا، دەبێت سیاسەتی دیموکراتی شوێنی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نیشتمانی بگرێتەوە و ئامرازەکانی وەک ئاخاوتن، یاسا و کۆمەڵگەی ڕێکخراو ببنە چەکی سەرەکی.
عەبدوڵا ئۆجالان جەختیشی لەوە کردەوە، پەیوەندیی هەزار ساڵەی نێوان کورد، تورک، فارس و عەرەب لەسەر بنەمای بەشداریکردن و پێکەوەژیان دروست بووە، و بیرۆکەی پارچەبوون و جیاکاری گونجاو نییە بۆ ئەم جوگرافیایە کە ملیۆنان کوردی تێدا دەژێت.
هەروەها داوای ڕیفۆرمی دەستووری، دانپێدانانی فەرمیی زمان و کلتوری کوردی، فراوانکردنی دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوەی گەریلا بۆ ناو ژیانی سیاسی و مەدەنی کرد، تاوەکو ببنە بەشێک لە پرۆسەی بەدیموکراتیکردنی تورکیا و ناوچەکە.