هەزاران کەس لە دانیشتووانی کۆبانێی ڕۆژاڤای كوردستان چوونه سەر شەقامەکان و داوای ئازادکردنی ئەو شەڕڤانانە دەکەن کە لای گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا بەدیل گیراون.
لە کۆبانێ، بە دەستپێشخەریی بنەماڵەی دیلەکان، ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرفراوان بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوەچوو، بەشداربووان لە گۆڕەپانی "ژنی ئازاد"ەوە بەرەو گۆڕەپانی "ئاشتی" بەڕێکەوتن و تێیدا دروشمی "ئێمە دیلەکانمان دەوێتەوە"یان بەرز کردەوە.
لە ڕێپێوانەکەدا محەمەد بۆزی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کۆبانێ، گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، متمانەی تەواویان بە بەڕێوەبەرییەکەیان هەیە کە شەو و ڕۆژ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی شەڕڤانە دیلەکان تێدەکۆشن.
بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەکی دیکەی دیلەکان لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی دیمەشق ئازاد بکرێن، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا و ئازادکردنیان دواخرا بۆ ئەمڕۆ شهممه كه ژمارهیان 400 دیله.



