ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان و بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار لەسەر داڕشتنی پلان و ستراتیژییەکی نوێ دەکات بۆ دیاریکردنی ئاراستەی سیاسەتی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ قۆناغی پاش جەنگ لەگەڵ ئێران و دوو ساڵی کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ لە هەفتەکانی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی لەسەر ئەم پلانە ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە کار لەسەر پلانێکی "زۆر گەورەتر" بۆ ناوچەکە دەکات. ستراتیژییەکە سێ تەوەر و ئامانجی سەرەکی لەخۆدەگرێت.
دروستکردنی هاوئاهەنگییەکی بەرفراوان لە نێوان هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە مەبەستی سنووردارکردنی ئێران، بە جۆرێک، کە واشنتن ڕۆڵی پارێزەر و گەرەنتیکاری ئەو هاوئاهەنگییە ببینێت.
بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی پلانی تایبەت بە غەزە، کارکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا و ڕەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل وەک ئامانجێکی سەرەکیی واشنتن.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 27ی ئۆکتۆبەر یەکێکە لە فاکتەرە کاریگەربەکان لەسەر ئەم پلانە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان کردووەتەوە، ترەمپ سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی بە بێ ڕەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل.
جێی ئاماژەیە، کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە نەداوە.