دادگای باڵای فیدراڵیی ئەڵمانیا تانەی تۆمەتبارێکی ڕەتکردەوە و سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر پیاوێکدا چەسپاند، کە لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2025 لە شاری پارسبرگ بە چەقۆ ئامۆزاکەی خۆی کوشتبوو.
تینا هاسە، دادوەر لە دادگای باڵای هەرێمیی نورنبێرگ-فیورت ڕایگەیاند، تۆمەتبار و قوربانییەکە لە سوریا لەدایکبوون و بە گوێرەی گوتەی ئامادەکارانی ئاهەنگەکەش خەڵکی شاری کۆبانێن.
تۆمەتبارەکە لە ڕێکەوتی 23ی ئاداری 2025 لەنێو ئاهەنگی نەورۆزدا هێرشی کردووەتە سەر ئامۆزاکەی و کوشتوویەتی، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی گیانلەدەستدانی خوشکەکەی (هاوژینی قوربانییەکە) لە ساڵی 2005 لە سووریا.
دادگا تاوانەکەی بە کوشتنی لەناکاو و بۆسەنانەوە و کوشتن بە هۆکاری لاواز لەژێر پاساوی گەڕاندنەوەی شکۆی خێزان ناوزەد کردووە.
دادگای نورنبێرگ-فیورت لە 12ی شوباتی 2026 سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر تۆمەتباردا سەپاند، کە دواتر لە 17ی ئاب لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسند کرا. بەپێی یاسای ئەڵمانیا، تۆمەتبار دەبێت لانیکەم 15 ساڵ لە سزاکەی تەواو بکات بەر لەوەی داواکاریی ئازادکردنی بەمەرج بنێرێت.
بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، شارەوانیی پارسبرگ ڕێگەی نەدا لە ساڵی 2026 ئاهەنگی نەورۆز لەو شارەدا ڕێکبخرێت.
سەبارەت بە تاوانەکانی پەیوەست بە «پاراستنی نامووسی خێزان»، دادوەر تینا هاسە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم جۆرە کەیسانە بەم دواییانە لە ناوچەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.