هیندستان و ئیسرائیل پێداگری لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن و دەڵێن، پێکەوە "ڕووبەڕووی ئیسلامی توندڕەو" دەبینەوە.
ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بە سەردانێکی دوو ڕۆژە لە ئیسرائیلە و هەردوو وڵات ئەم سەردانە وەک دەرفەتێک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان باس دەکەن.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکانی ناوچەکە لەسەر مەترسییەکانی ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاد دەبن.

مۆدی، یەکەم سەرۆک وەزیرانی هیندستان بوو کە لە ساڵی 2017 سەردانی ئیسرائیلی کرد، ڕۆژی چوارشەمەش دووەمین سەردانی ڕەسمی بۆ ئەو وڵاتە کرد.
مۆدی و ناتانیاهۆ، پێکەوە گوتارێکیان پێشکەش بە پەرلەمانی ئیسرائیل کرد، مۆدی ڕاگەیاند، هیندستان "بە قەناعەتێکی تەواوەوە" پشتگیری ئیسرائیل دەکات، هەروەها هاوخەمی گەلەکەی لەبارەی هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023دا بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕی.
گوتیشی، ئێمەش وەک ئێوە سیاسەتێکی بەردەوام و سازش نەکراومان هەیە کە لێبوردەیی سفر لەخۆدەگرێت بەرامبەر بە تیرۆر.
مودی لە گوتارەکەیدا پشتگیری لە پلانی ئەمریکا کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەزە، گوتی، ڕێگای ئاشتی هەمیشە ئاسان نییە، بەڵام هیندستان لەگەڵ ئێوە و جیهاندایە بۆ گفتوگۆ و ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا.
هەردووکیان، باسیان لەو هێرشە تیرۆریستییانە کرد، کە نەتەوەکانیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ناتانیاهۆ گوتی هیندستان و ئیسرائیل هەردووکیان ڕووبەڕووی تەحەدای "ئیسلامی توندڕەو" بوونەتەوە.
هەردوولا نزیکەی نۆ ساڵە لە دەسەڵاتدان، یەکتر بە هاوڕێ وەسف دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەسەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە ئابوری و سەربازییەوە بکەن.
بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی مودی، رێگا خۆش دەکات بۆ هاوبەشی و هاوکاری نوێ لە زۆر بواردا.
دوابەدوای گوتارەکەی، پەرلەمانی ئیسرائیل مەدالیای کنێستی بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان بەخشی، کە ڕەمزێکە لە ساڵی 2026وە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دایناوە و بەو سەرکردە و کەسایەتیانەی دەبەخشرێت کە هاوکاری و پاڵپشتی خۆیان بۆ جولەکە و خاکی ئیسرائیل دەردەبڕن.

مۆدی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، شانازییەکی گەورەیە، کە یەکەم کەسە ئەم مەدالیایە وەربگرێت و وەک بەڵگەیەک بۆ "دۆستایەتی بەردەوامی نێوان هیندستان و ئیسرائیل" وەسفی دەکات.