بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، پێویستە شارەزایانی بواری ئەتۆم لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بەشداربن، بە پێچەوانەوە ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی "بەرجام" دروستدەبێت.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەراوێزی لوتکەی کۆبوونەوەی نافەرمی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە قوبرس ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی بێت ئەوا پێویستە شارەزایانی بواری ئەتۆم تێیدا بەشداربن، بەپێچەوانەوەشەوە ڕێککەوتنێکی لاوازی هاوشێوەی "بەرجام" دروستدەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرسەکانی وەک موشەکی بالیستی، گروپە بە وەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا چارەسەر نەکرێن، ئەوا ئەوروپا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئێرانێکی زۆر لە ئێستا مەترسیدارتر دەبێتەوە.
گوتەکانی کالاس لە کاتێکدایە، بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوولا لەسەر پرسی گەرووی هورمز و پرسی ئەتۆمی دانوستانەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخران.