دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان بەردەوامن، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تاران دەکات و پرۆسەکە وەک دوایین دەرفەت بۆ ئاشتی و ڕێگەچارەی دیپلۆماسی دەستنیشان دەکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستاندنەکان لەسەر داوای سعودی، قەتەر، ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە لەگەڵ ئێران بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمە دوایین دەرفەتی دیپلۆماسییە لە بەردەم ئێرانییەکاندا و هۆشدارییدا، کە ئەگەر بەدەم داواکارییەکانەوە نەیەن زۆر بە قورسی لێیان دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "پێش هەر شتێک دەبێت ئەمڕۆ بە بێ هیچ مەرجێک گەرووی هورمز بکرێتەوە، دواتریش گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین، کە ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت، ئەوەشیان پێویستی بە کات هەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە ئێران ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستاندنێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردوە. هاوکات ترەمپیش ئاماژەی بەوە کردبوو، لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان و هاوپەیمانەکانی دیکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشە سەربازییە گەورە و بەرفراوانەکەی بۆ سەر ئێران دواخستووە تاوەکو دەرفەت بە بژارەی دیپلۆماسی بدرێت.