قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری مێری ڕایگەیاند، دەبێت لەرێگەی تێکەڵکردنی ئەزموونی نەوەی دێرین و نوێی سیاسەتەوە ئاڕاستەی حوکمڕانی ڕاستبکرێتەوە، و جەختی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی ئاستبەرز دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە پێویستە لە نەوەی پێشووی سیاسیی کوردستان فێربین و لە هەمان کاتدا گوێ لە نەوەی نوێ بگرین، چونکە نەوەی نوێ باشتر لە چارەسەری کێشەکانی سەردەم تێدەگات. لەبارەی پەیوەندییە ناوخۆییەکانەوە جەختی کردەوە: "گرەنتی هەیە جارێکی دیکە پێشمەرگە ڕووبەڕووی یەکدی نابنەوە و هەرگیز بڕیار لەوە نادەین ململانێکان بگەنە ئاستی شەڕی چەکداری."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەی ئەمدواییەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی حکومەت گوتی: "لەگەڵ کاک مەسرور کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد و باسی شێوازی حوکمڕانیمان کرد. کۆبوونەوەکان نەوەستاون و هەرگیز دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە، پرۆتۆکۆڵ گرنگ نییە و ئەنجامی کۆبوونەوەکان گرنگە." دەشڵێت: "وەکو یەکێتی کاریگەریمان لە بڕیارەکانی عێراقدا هەیە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دامەزراوەییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی سەرنجی خۆی لەسەر سیستمی حوکمڕانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئەم سیستمەی حوکمڕانی بۆ ئێستا گونجاو نییە و پێویستمان بە سیستمێکی جیاوازە کە دووربێت لە ڕۆتین؛ هەندێک وەزارەت هەن بۆ ئێستا پێویست نین و دەبێت دەسەڵات لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە شۆڕبێتەوە تاوەکو گوندەکان."
لەبارەی دۆخی ئەمنی و سەربازییەوە، جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەیەکی بەردەوامە، بەڵام جەختی کردەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکان پەیوەندییان پێکەوە نییە و دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. هەروەها هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەبوونی دەستووری هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.