ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی ئەیلولی 2026، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمرۆوە پرۆسەی داشکاندنی قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بە ڕێژەی تاوەکو 50% بە فەرمی دەستی پێکردووەتەوە.
ئەم بڕیارە وەک دوایین دەرفەت بۆ هاوبەشان دیاری کراوە بەر لەوەی قەرزەکانیان بە ئۆتۆماتیکی بکەرێتە قیستی مانگانە و بەبێ هیچ داشکاندنێک لەسەر پسوولەکانیان هەژمار بکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕەچاوکردنی دادپەروەری و کارئاسانییە، لە کاتێکدا لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنیان لەسەر ماوەتەوە.
مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە ئەوەیە کە هاوبەش بڕی قەرزە داشکێندراوەکە بە یەکجار لە ڕێگەی «ئی-پسوولە» یان هۆبەکانی فرۆشتنی وزە بداتەوە؛ ڕێژەی داشکاندنەکانیش بە 50% بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، و 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەوانەی فیدەری تایبەت بە خۆیانیان هەیە) دیاری کراوە.
پرۆسەکە بۆ ماوەی 25 ڕۆژ، لە نێوان 24ی ئەیلوول تاوەکو 18ی تشرینی اولی 2026 بەردەوام دەبێت، و دوای 18ی تشرینی یەکەم دەرفەتی داشکاندن بە یەکجاری کۆتایی دێت.
دوای ئەو وادەیە، سەرجەم قەرزە کۆنەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێنە قیستی مانگانە لە مەودای 6 بۆ 24 مانگ و دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی کارەبای ڕووناکی، هەروەها ڕێکاری یاسایی پارەدانی 50 ڕۆژەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.