لە درێژەی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دایە ئێران و ڕایگەیاند، بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی وڵاتەکەی، ئێران باجێکی زۆر قورس دەدات.
ڕۆژی دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، فەرمانی بە پیت هێگسەس وەزیری جەنگ، دانیێل کەین سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا و سەرجەم فەرماندەکانی سوپا کردووە، تاوەکو لە بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکیدا بە چەندین هێندە باج لە ئێران وەربگرنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی لە جەنگێکی گشتگیردایە لەگەڵ ئەمریکا.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمریکا کوژرانی دوو سەرباز و بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی دیکەی لە ئوردن ڕاگەیاند، هاوکات سەربازێکی دیکەی ئەمریکی لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراودا لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.
بەمەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە لە مانگی شوباتەوە گەیشتە 17 سەرباز. لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە بۆ نۆیەمین شەوی لەسەریەک ئامانجەکانی ناو خاکی ئێرانیان بۆردومان کردووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.