ڕاستەوخۆ

کۆمەڵە:هەواڵەکان دەربارەی شێوازی گیانبەختکردنی 9 پێشمەرگەکەمان ناڕاستن

reset font size increase font size

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا، بە توندی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک کەناڵی تەلەڤزیۆنیدا دەربارەی شێوازی گیانبەختکردنی 9 پێشمەرگەکەیان بڵاوکراونەتەوە و ڕایگەیاند کە ئەو دەنگۆیانە بێ بنەمام و سەرلەبەریان ناڕاستن.

کۆمەڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵی هەڵبەستەیان لەسەر شێوازی ڕووداوەکە پەرەپێداوە، بۆیە بە توندی داوا لە سەرجەم میدیاکاران، ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن کە بۆ دەستکەوتنی هەر زانیارییەک لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کۆمەڵەوە، ڕاستەوخۆ پشت بە بەلاغ و سەرچاوە فەرمییەکانی ئەوان ببەستن و خۆ لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما بپارێزن؛

جەختیشیان کردەوە کە "هیچ سەنگەرێکی ئازادیخوازانە بە درۆ و هەواڵی هەڵبەستە بەتاڵ نابێت."

ئەم ڕوونکرنەوەیە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ کۆمەڵە لە پەیامێکی گشتگیر و بەرفراواندا، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم جەماوەری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و کەسایەتییە مەدەنییەکان کرد دوابەدوای ئەو شەپۆلە گەورەیەی هاوخەمی و پاڵپشتییەی کە لێیان کرابوو.

ڕووداوەکە بۆ سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، 26ی پووشپەڕی 1405ی هەتاوی (17ی تەممووزی 2026) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە هێرشێکی هاژەکی و درۆنیدا لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 9 پێشمەرگە و خوازیاری پێشمەرگایەتی گیانیان بەختکرد.

کۆمەڵە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرنجی بۆ ئاڵۆزییە هەرێمییەکان ڕاکێشاوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاری یەکەمی تێکدانی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی جەنگ و کاولکارییە لە ناوچەکەدا.

جەختیشیان لەوە کردەوە کە تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەم قەیران و ماڵوێرانییە ڕوخانی تەواوەتی ئەو ڕژێمەیە، هاوکات هۆشدارییان دایە هێزە ئەمنییەکان و هەڵخڵەتاوانی سەر بە حکومەت کە تا کاتیان ماوە ڕێگەی خۆیان لە دەسەڵات جیا ببنەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.