بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و داڕمانی شاخ لە ڕێگەی نێوان ناوچەکانی ڕوبارۆک و شەمزینانی سەر بە شاری سێرتی باکوری کوردستان.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی داڕمانی بەشێک لە شاخەکانی نێوان شار و شارۆچکەکانی باکوری کوردستان.
ماوەی هەفتەیەکە ڕێگەی نێوان جۆلەمێرگ و وان داخراوەو هێشتا تیمەکانی فریاگوزاری نەیانتوانیوە ڕێگەکە بکەنەوە.
داڕمانی شاخەکان بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی شەمدینلی، چەلێ و گەڤەری باکوری کوردستان و ئەم ڕووداوە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە. ئەمەش وایکردووە، گرفت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان دروست ببێت.
ئاژانسەکە دەڵێت، لەم بارەیەوە حکومەت کەمتەرخەمە و بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا ناگەڕێت.