وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە کەمێک لەمەوبەر بڕی زیاتر لە 841 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێی ڕاگەیێندراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڕی پارە نێردراوەکە بە تەواوی بریتییە لە (841,161,000,000) هەشتسەدو چل و یەک ملیار و سەد و شەست و یەک ملیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، لە کۆی گشتیی تەمویلی مووچەکە بڕیوە.
هاوكات بەغدا بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێسەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە، کە وەک وەزارەتی دارایی دەڵێت: "ئەو بڕە پارەیە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی."
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دڵنیا دەکاتەوە و ڕادەگەیێنێت: "دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت."