لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا، هێزی دەریایی ئەمریکا ژێردەرییایەکی ئەتۆمی جۆری (ئۆهایۆ)ی لە گەروی جەبەل تاریق لەنێوان ئیسپانیا و مەغریب جێگیر کرد.
کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئەمریکا ژێردەریایی ئۆهایۆ، کە یەکێکە لە بەهێزترین ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی جیهان، لە ناوچەی (ساوس مۆڵ) لە جەبەل تاریق جێگیرکردووە. ئەم ژێردەریاییە توانای هەڵگرتنی 20 مووشەکی بالیستی لە جۆری (ترایدێنت 2 دی 5)ی هەیە و بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی ئەمریکا دادەنرێت.
سکای نیوز لە زاری چەند شارەزایەکی جەنگییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جوڵیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، بۆیە ئەمە تەنها تێپەڕبوونێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نیشاندانی هێزە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ پێشنیازەکانی ئێرانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕەتکردەوە.
کەناڵەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەم ژێردەریاییانە بەوە ناسراون، کە بە نهێنی بەژێر ئاودا دەجوڵێنەوە، دەرکەوتنیشیان بەم شێوەیە، لە گەرویەکی هەستیاردا، پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە لە هەر کاردانەوەیەکی ئێران لە گەروی هورمزدا.
سکای نیوز دەڵێت، بەریتانیا لە ڕێگەی هێزەکانی مارینزی شاهانە و فڕۆکە سەربازییەکانی، پارێزگارییەکی توندیان لە ژێردەریاییەکە کردووە و لە کاتی لەنگەرگرتنیدا ڕێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گەرووەکە بە توندی زیاد کراون.
ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا ژێردەریایی ئەمریکی لە جۆری ئۆهایۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا لە جەبەل تاریق دەربکەوێت.