بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی یارییە ئاگرینەکان لە وڵاتی چین، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و تیمەکانی فریاگوزاریش بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان لەنێو داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکاندا بەردەوامن لە گەڕان.
لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کارگەیەکی یارییە ئاگرینەکان لە شاری لیویانگی سەر بە پارێزگای هۆنان لە ناوەندی چین، لانیکەم 26 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیاریەکان میدیاکانی ئەو وڵاتە، بەهۆی توندی تەقینەوەکە، باڵەخانەکانی کارگەکە بەتەواوی وێران بوون و تیمەکانی فریاگوزاری کە پێکهاتوون لە 480 کارمەند، لەنێو داروپەردووی باڵاخانە ڕووخاوەکاندا بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن.
هەروەها پۆلیس بەڕێوەبەرانی کارگەکەی دەستگیر کردووە. وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیش، دانیشتووانی دەوروبەری شوێنەکە گوازراونەتەوە.
شاری لیویانگ بە ناوەندی سەرەکیی پیشەسازیی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان لە چین دادەنرێت و 70٪ـی هەناردەی ئەو وڵاتە لەم بواردا دابین دەکات.
شارەزایان دەڵێن، کەمترخەمیی لە ستانداردەکانی سەلامەتی هۆکاری سەرەکیی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانەن. تەنها لە شوباتی ڕابردوودا 20 کەسی دیکە لە ڕووداوی هاوشێوەدا ببوونە قوربانیی.