لویس لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاند: هێرشى سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بێ ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەوەش قەیرانی ئاسایشى جیهان زیاتر دەکات، جەختیشى کردەوە، ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێز لە بڕیارەکانى خۆى ناگرێت.
لویس لولا دا سیلڤا لە میانى چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئاژانسى ڕوسیا نۆڤستى ئاماژەى بەوەکردووە: لە ئێستادا وڵاتانى جیهان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە سەخترین دۆخدان کە ئەوەش وایکردووە قەیرانى مرۆیی ڕوو لە زیادبوون بکات.
گوتیشى: هەر پێشێلکارییەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونى قەیرانێکى نوێ لە جیهاندا .
باسیلەوەشکرد: ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێز لە پەیمانى ڕێکخراوەکە ناگرن و ئەم وڵاتانە ڤیتۆ وەک قەڵغان یان چەک بەکاردەهێنن.
ڕاشیگەیاندووە: وڵاتانى ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایش یاری بە چارەنووسی ملیۆنان کەس دەکەن، کە ئەوەش دەبێتە هۆى گیانلەدەستان و قەیرانى گەورەى جیهانى.