ئەمڕۆ سێشەممە 5ی5ی 2026 لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، بابەتی پێگەی ئۆجالان زۆر گرنگە و ناکرێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە نادیدە بگیرێت. باخچەلی گوتیشی، ئەگەر بمانەوێت بانگەوازەکەمان پابەندکار بێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ڕادەستکردنی چەکەکان، دەبێت ئەم پرسە لە ڕووی یاسایی، سیاسی و ویژدانییەوە هەڵسەنگاندنی ئاشکرای بۆ بکرێت.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم ڕێوشێنە هەر ناوێکی هەبێت، دەبێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و نەهێشتنی توندوتیژی بکات لە تورکیا.
باخچەلی پێشنیاز دەکات، ناوی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ببێتە "هەماهەنگکاریی پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن"، بەڵام دەکرێت جێگرەوەی دیکەش بۆ ناوەکەی هەبێت، گرنگ ئەوەیە ئۆجالان لەژێر پێناسەیەکدا کار بکات بۆ ئەوەی چەکەکان بەتەواوی بێدەنگ ببن و سیاسەت لەژێر سێبەری چەک دەربهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر داوایان لە پەکەکە کردبوو لە 4ی 5ی 2025 لە شارۆچکەی مەلازگر کۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاری کۆتاییهێنان بە ململانێکان بدات.
سەرۆکی مەهەپە بۆ بە گرنگ نیشاندانی پڕۆسەکە، ئاماژەی بە ڕووداوی 11ی 7ی 2025 کرد، کە تێیدا گروپێک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی سێمبولی چەکەکانیان دانا، جەختیشی کردەوە کە ئەمە تەنها سەرەتایەکە و پڕۆسەکە بەبێ سازشکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی بەردەوام دەبێت.
باخچەلی پێشنیاز دەکات پێگەی سەرپەرشتیی پڕۆسەی ئاشتی بە ئۆجالان بدرێت
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، پێشنیازی کرد دامەزراوەیەک بە ناوی "هەماهەنگکاریی پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" پێکبهێنرێت و ئۆجالان کاری تێدا بکات.