مردنی تاهیر جەلیل حەبوش، به‌رپرسی هه‌واڵگریی عێراق له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس، جارێكی دیكه دۆسیه‌ی داڵده‌دانی به‌شێك له به‌رپرسانی به‌عسی له هه‌رێمی كوردستان زیندووكرده‌وه.
هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا وه‌ك زۆرێك له به‌رپه‌رسه به‌عسییه‌كانی دیكه، هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی ژیان و مانه‌وه‌ی ئه‌ویش له هه‌ولێر ئاشكرا نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه 2ـی نیسانی 2026 به‌جه‌ڵته‌ی دڵ كۆچی دوایی كرد، به‌شێك له میدیا و سۆشیال میدیای هه‌رێمی كوردستان پڕبوون له‌چیرۆكی جیاواز و تاڕاده‌یه‌ك دژبه‌یه‌ك له‌باره‌ی هۆكاری مانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی به‌عس له هه‌رێمی كوردستان. هه‌رزووش به‌شێكی زۆر له‌و زانیارییانه‌ی كه پێشتر میدیا ناوچه‌یی وجیهانییه‌كان له‌باره‌ی تاهیر جەلیل حەبوش، بڵاویانكردبووه‌وه، جارێكی دیكه هێنرانه‌وه به‌رباس و بڵاوكرانه‌وه.
به گوێره‌ی به‌شێك له‌و میدیایانه‌ی كه پێشتر زانیاری‌یان له‌سه‌ر به‌رپرسه‌كه‌ی هه‌واڵگریی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه، ناوبراو له كاتێكدا سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ڕژێمی به‌عس بووه، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا "CIA" هه‌بووه و ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كه‌ن، پێش ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، زانیاری ورد و هه‌ستیاری بۆ ئه‌مریكییه‌كان دزه پێكردووه.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌شێكی دیكه‌یان باس له‌وه ده‌كه‌ن هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان تاهیر حەبوش و ئه‌مریكییه‌كاندا نه‌بووه.
ته‌نانه‌ت، له‌ناوخۆی ئه‌مریكاش بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی به‌رپرسه‌كه‌ی به‌عس به ئه‌مریكاوه هه‌یه، ڕۆن سو سکیند، ڕۆژنامەنووس و نوسەری ئەمریکی، لە کتێبێکیدا بە ناوی (ڕێگەی جیهان) باسی لە پرۆسەی خۆڕادەستکردنی تاهیر حەبوش بە ئەمریکی و بەریتانییەکان کردووە و دەڵێت: "پێش جەنگەکە لە 2002، لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا و ئەمریکا، کەوتووەتە پەیوەندی و گفتوگۆ".
ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌كات، لە یەکێک لە کۆبونەوە نهێنییەکاندا لە ئوردن، حه‌بوش بە ئەمریکییەکانی گوتووە، عێراق هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژی نەماوە.
لەو بارەیەوە سوسکیند دەڵێت: " ئەمریکا پێش جەنگی عێراق پێنج ملیۆن دۆلاری داوەتە حەبوش و نێردراوە بۆ ئوردن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕودانی جەنگەکە و ناڕاستی بیانووی هێرشەکە، بڵێن هێرشەکە لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە بووە، بەڵام لەبەرانبەر ئەو کتێبەدا، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی، ڕوونکردنەوەی داوە و گوتیانە، هەرگیز پەیوەندییان لەگەڵ حەبوش نەبووە و لە ڕیزی مەترسیدارترین سەرکرده‌کانی بەعس بووە بۆ ئەمریکا.
لەوبارەیەوە جۆرج تێنت، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، لە یاداشتەکانیدا بە ناوی (لەناو جەرگەی زریانەکەدا) بە توندی وەڵامی کتێبەکەی سوسکیند دەداتەوە و دەڵێت: "ئەگەر حەبوش پیاوی ئێمە بوایە، بۆچی لە لیستی 55 داواکراوەکەی ئەمریکادا بوو؟ بۆچی خەڵاتی ملیۆنێک دۆلارمان بۆ دەستگیرکردنی دانا؟".
بەڕێوەبەری پێشووی "CIA"، لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە تاهیر حەبوش هیچ زانیارییەکی بە ئەمریکا نەداوە، کە ببێتە هۆکاری وەستاندنی جەنگەکە یان ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت.
له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت، كه تاهیر جەلیل حەبوش، یەکێک بووه لە پتەوترین پایەکانی ڕژێمی بەعس و چه‌ندین تاوانی گه‌وره‌ی دژی كورد ئه‌نجامداوه.
لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکاندا سەرکردایەتی دوو لە بەدناوترین دەزگا داپڵۆسینەرەکانی عێراقی دەکرد.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی بەعس و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، حەبوش وەک بەعسییەکی دڵسۆز، بەرپرس بووە لەو سیاسەتە دوژمنکارانەیەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد جێبەجێ دەکرا. ئەمنی عامەی عێراق، کە بۆ کوردان ناوێکی ترسناک بوو، لەژێر دەستی تاهیر حەبوشدا، ئامرازێکی کاریگەر بوو بۆ ڕاوەدونانی هەزاران خێزانی کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی هەواڵگریی عێراق، کە ده‌گوترێت له دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس دەست ئەمریکا کەوتوون، لەو سەردەمەدا، لە سێدارەدانی کوردانی فەیلی ئەوەندە زۆر بوو، بەشێک لەو زیندانییانەی کە بڕیاری گولەباران یان سێدارەیان بۆ ده‌رده‌چوو، بە کۆمەڵ گولەبارانیان کردوون و تەرمەکانیاشیان بەیەکەوە له چاڵناون.
حەبوش بۆچی و چۆن هاتە هەولێر و چی کرد؟
بۆ یەکەمین جار، تاهیر حەبوش، لە 31ـی ئابی 1996 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ، وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق، لەلایەن سەدامەوە ڕادەستپێدرێت، کە بچێتە هەولێر وسەرکردایەتی تیمی هەواڵگریی بکات، کە ئەوکات لەسەر داوای پارتی هێزەکانی عێراق هاتنە ناو هەولێر و شارەکەیان داگیرکرد، حەبوشیش یەکێک بوو لە كارەکتەرەسەرەکییەکانی داگیرکردنی هەولێر. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی هەواڵگریی عێراق، ئامانجی سەرەکی ناردنی حه‌بوش بۆ هەولێر، گرتن وکوشتنی ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی (هێزە شیعییەکان) بووه، کە ئەوکات بارەگایان لە هەولێر بوو.
هەر بەگوێرەی ئەوبەڵگەنامانە، لەو ماوەیەدا بە فەرمانی حەبوش زیاتر لە 100 کەس لە ئەندامانی هێزه شیعییه‌كان دەستگیرکراون و دواتریش ڕەوانەی بەغدا کراون و لەسێدارە دراون.
له دوای مردنی حه‌بوش جارێكی دیكه پرسیار له‌باره‌ی داڵده‌دانی به‌شێك له به‌رپرسانی به‌عس له هه‌ولێر ده‌كرێت.
له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا چه‌ند به‌رپرسێكی سیاسیی و سه‌ربازیی به‌عس له هه‌ولێر ژیاون و دوای مردنیان زانیاریی له‌باره‌ی مانه‌وه‌یان له هه‌رێمی كوردستان ئاشكرابووه، دوای ساڵی 2003، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسی ڕژێمی پێشوو لە هەولێر نیشتەجێ بوون، دیارترینیان سەعدی توعمە عەباس، وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق بوو، کە ساڵی 2020 کۆچی دوایی کرد.
هەروەها چەندین جەنەراڵ و ئەفسەری هەواڵگری کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە داڵدەدرابوون، لەو شارەدا ژیانیان بەسەر برد و هەر لەوێش کۆچی دواییان کرد و نێژران.
له كاتێكدا خه‌ڵك ده‌پرسێت، بۆچی و به فه‌رمانی كێ ئه‌و به‌رپرسانه له هه‌رێمی كوردستان داڵده دراون و كێ ژیانیان ده‌پارێزێت، له كاتێكدا ئه‌وان تاوانبارن و به درێژایی حوكمڕانیی به‌عس سته‌میان له كورد كردووه.