سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکاندا، بەڵام لە گوندی بادلیانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی نەبوونی بینای قوتابخانەوە، دەوامی 109 خوێندکار ڕاگیراوە.
لەگەڵ ئەوەی هەفتەیەکە دەوامی قوتابخانەکان دەستی پێ کردووە، بەڵام 109 خوێندکاری گوندی بادلیان نەچوونەتە هۆڵەکانی خوێندن. ئەم گوندە قوتابخانەی تێدا نییە و پێشتر خانوویەکی هاووڵاتییەک کرابووە قوتابخانە، بەڵام ئێستا خاوەنەکەی خانوەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران وەرگرتووەتەوە و خوێندکاران بێ هۆڵی خوێندن ماونەتەوە.
ساڵح عومەر، کە خوێندکارێکی پۆلی چواری بنەڕەتییە و بۆتە قوربانیی نەبوونی قوتابخانە، تەنیا کتێبی وەرگرتووە و یەک وانەی نەخوێندووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، حکومەت خانوویەکی دیکەی بەکرێ گرتووە، بەڵام مەسعەب هیوا، مامۆستا لەو ناوچەیە، ئاماژەی بەوە داوە کە کەسوکاری خوێندکاران ڕازی نین منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەم قوتابخانەیە و پێیان وایە ناکرێت هەمیشە لە خانووی کرێدا باخچە و ناوەندێکی خوێندن هەبێت.
لای خۆیەوە، شاری ساڵح، کە دانیشتووی گوندی بادلیانە، دەڵێت گوندەکەیان تا ئێستا قوتابخانەی نییە، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییەکی گوندەکە زەوییەکی گەورەی پێشکەش بە حکومەت کردووە بۆ دروستکردنی بینای قوتابخانە، بەڵام بە پاساوی نەبوونی بودجە، چارەنووسی دروستکردنی بیناکە دیار نییە و دانیشتووانەکەش داوا دەکەن کێشەی نەبوونی بینای قوتابخانەکەیان بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.