بەپێچەوانەی نرخی مریشکەوە، نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوامە لە دابەزین، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆگرام گۆشت بە گشتی نزیکەی دوو بۆ سێ هەزار دینار هەرزان بووە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخەکان زیاتریش دابەزن.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان هۆکارێکە تا خاوەن کێڵگە ئاژەڵدارییەکان ئاژەڵەکانیان ساغ بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، جەواد محەممەد، کە فرۆشیارێکی ئاژەڵە، ئاماژەی بەوە کرد، بازاڕی ئاژەڵ جووڵەی تێکەوتووە و بازرگانانی عێراق ڕوویان لە ناوچەکە کردووەتەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و یەکلاکەرەوەی دابەزینی نرخەکان، هاوردەکردنی بەردەوامی ئاژەڵی زیندووە لە وڵاتانی وەک ئەرمینیا، جۆرجیا و وڵاتانی دراوسێوە.
لە ئێستادا لە بازاڕەکاندا، نرخی یەک کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵی بچووک وەک مەڕ و بزن دابەزیوە بۆ 22 هەزار دینار، هەروەها نرخی گۆشتی ئاژەڵی گەورە یان ڕەشەوڵاخ، بە شێوەی نەرمە بە 20 هەزار دینار و بە ئێسکیشەوە بە 17 هەزار دینار دەفرۆشرێت.