وێنەگرێکی خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی وێنەگریی IPA لە ئەمریکا، پلەی سێیەمی جیهانی و سێ خەڵاتی ڕێزلێنانی (مەنسیۆن) بەدەستهێنا.
ڕەزا عەباسی، بەڕێوەبەری هونەر و شانۆی بۆکان، بە ئاژانسی ایرنای ڕاگەیاندووە کە شێرکۆ مەم ئاغا، وێنەگری بۆکانی، لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی IPAی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و جگە لە پلەی سێیەمی جیهانی، سێ خەڵاتی تریش لە بەشە جیاوازەکاندا مسۆگەر بکات.
بە گوتەی عەباسی، شێرکۆ مەم ئاغا بە وێنەیەکی تایبەت لەسەر ڕێوڕەسمی دەفژەنی لە گوندی پاڵەنگان، لە بەشی «ڕووداو، نەریت و کلتوورەکان»دا پلەی سێیەمی جیهانیی بەدەستهێناوە. هەروەها بە وێنەیەکی دیکە بە ناونیشانی «دوڵی مێژوویی لە پۆرترەی بێدەنگدا» توانیویەتی خەڵاتی ڕێزلێنان بەدەستبهێنێت، و کاری چوارەیشی بە ناوی «دۆستەکانی سروشت» کە پەیوەندیی مرۆڤ و سروشت نیشان دەدات، دووەمین خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ بەدەست هێناوە.
پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی وێنەگریی IPA یەکێکە لە گرنگترین و ناسراوەترین ڕووداوە جیهانییەکانی وێنەگری کە ساڵانە بەشداریی لە بەشە جیاوازەکانیدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری هونەر و شانۆی بۆکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم سەرکەوتنە نیشاندەری توانای بەرزی هونەرمەندانی بۆکانە لە ناساندنی کلتوور و شێوازی ژیانی ناوچەکە لە ڕێگەی هونەری وێنەگرییەوە.