سۆهەیلا مۆتاعی، چالاکی مەدەنیی کورد کە لەسەر خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، لە چاکسازی ژنانی سنە ئازاد کرا، بەڵام ئازادکردنەکەی بە مەرجی بەستنی پابەندی ئەلیکترۆنی بووە و دەبێت پاشماوەی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی لەژێر چاودێریی توند و سنووردارکردنی هاتوچۆدا تێپەڕێنێت.
ئەم چالاکە مەدەنییەی خەڵکی دێولان، پێشتر لەلایەن دادگای کەیفەریی ناوچەکەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" و "بڵاوکردنەوەی بابەت لە میدیاکانی دەرەوە" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، و لە 23ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرابوو، کاتێک کە دواجار دوای چەند ڕۆژێک لە زیندان هاتە دەرەوە و گواسترایەوە بۆ سیستەمی چاودێریی ئەلیکترۆنی.
دواین دەستبەسەرکردنی ناوبراو بۆ ئازاری ساڵی ڕابردوو و بەهۆی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە دەگەڕایەوە، کەچی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە گۆڕینی شێوازی سزادانەکەی بە واتای کۆتاییهاتنی کێشەکەی نییە، بەڵکو تەنیا ڕێکارێکی نوێیە بۆ بەردەوامیی کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی ژیانی لە دەرەوەی بەندیخانەدا.