لە ناوچەی سومی، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە شەڕ بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان، بوێری و ئازایی ژنێک دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتوەتەوە، کە ئەندامێكی هێزە خۆبەخشە مەدەنییەکانە بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان پێدەگات.
ئۆلێنا ستاڤیتسکای تەمەن 40 ساڵ سەرباز نییە، بەڵام شەڕ دەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیان.
ئۆلێنا وەک تاکە ژن لە یەکەیەکی ڕزگارکردنی مەدەنی کە نازناوی فریشتە سپیەکەی لێنراوە، ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێلەکەی بەناو شارۆچکەکاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو جەنگاوەرە بریندارانە بدات، کە لە دەوروبەری شاری سومی لە شەڕدان و ئەو مەدەنیانەش بپارێزێت کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە ماڵەکانیان ڕوخاوە.

هەفتەی ڕابردوو، لە کاتی گەیاندنی هاوکارییەکانیدا نزیک بوو لە مردن، ئەو ساتەی هەوڵی ڕزگارکردنی دوو کەسیدا کە بەهۆی تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیەوە برینداربوون، درۆنێكی دیکە لە نزیک ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی تەقیەوە.
ئۆلێنا ناچاربوو بەپەلە دوو کەسەکە ڕاکێشێت و ڕابکاتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی بە هێزێکی زۆرەوە دابخات، لەو ساتەدا، پەنجەی گەورەی پێوەدەبێت و برینداردەبێت.
ئۆلینا دەڵێت، "لەو ساتەدا کە پەنجەی گەورەم برینداربوو، تەنها هاوارم کرد"، دیمەنەکەی ئێجگار ترسناک بوو، بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر سەرم دەسوڕایەوە.
دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، پزیشکانی ئۆکراینی توانیان لەڕێگەی نەشتەرگەری جێگیرکردنی کانزاوە پەنجە گەورەی ببەستنەوە.

پێشبینی دەکرێت لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوودا لە چاک بێتەوە، بەڵام ئۆلێنا لە ئێستاوە پلانی هەیە بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆ کارەکەی، دەڵێت، “نامەوێت لە نەخۆشخانە بمێنمەوە، من لێرەبم کێ یارمەتی خەڵکەکەمان دەدات؟”
شاری سومی کە کەمتر لە 20 میل لە سنووری ڕووسیا دوورە، بەرگەی ساڵانێک لە بۆردومان و داگیرکارییەکانی گرتووە، لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا، خەڵکی مەدەنی دەستیان کرد بە چەکهەڵگرتن و بەرگریکردن لە شارەکەیان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سومی نازناوی “شارێکی پاڵەوان”ی لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلادێر زینلیسکیەوە پێبدرێت.
بۆ ئۆلێنا و هاوڕێ خۆبەخشەکانی، ئەو ڕۆحیەتە بەرزەی هاوکاریی تەنانەت دوای زیاتر لە چوار ساڵ لە بەردەوامبوونی شەڕ بەردەوامە.
سەرچاوە: سکای نیوز