د. جیهان سەید حسام، بەڕێوەبەری نوێی ناوچەی قامیشلۆ، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەش کرد کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی ئەنجومەنی کەنیسەکان لە جەزیرە و فورات، هاوشانی ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارتە سریانی و ئاشوورییەکان لە پارێزگای حەسەکە.
د. جیهان سەید حسام کە چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنانە، بەم دواییانە وەک بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ دەستنیشانکرا؛
ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەڵماس ڕومی وەک سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستبەکاربوو.
دەستنیشانکردنی د. جیهان هەنگاوێکی دیکەیە لە بەشداریپێکردنی ژنانی کورد لە پۆستە کارگێڕی و سەرکردایەتییە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەم دەستنیشانکردنە نوێیانە لە کاتێکدان کە سەرەڕای هەوڵەکان، ئاستی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە پۆستە کارگێڕییەکاندا هێشتا نەگەیشتووەتە ئامانجی ڕێژەی 50٪ کە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەڕایەتیی خۆبەڕێوەبەرییەوە بڕیاری لەسەر درابوو.