لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە شاری وانی باکووری کوردستان، 25 ژن بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوەکانی ژنان و یاساناسانیش هۆشداری دەدەن لەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لەو دۆسیانەدا ناکرێت و زۆربەیان بە ناوی "خۆکوژی" دادەخرێن و پەردەپۆش دەکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 144 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان لە لایەن پیاوانەوە کوژراون.
هاوکات ڕێژەی گیانلەدەستدانی گوماناوییش بە هەمان شێوە زیادی کردووە، بە جۆرێک لە شاری وان تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا پێنج حاڵەتی مردنی گوماناوی تۆمارکراون.
جیھان ئۆزکاپلان، جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەران، لەسەر دۆسیەکانی کوشتنی ژنان، مردنی گوماناوی و سیاسەتی بێسزاهێشتنەوەی تاوانباران ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر کشانەوەی تورکیا لە "ڕێککەوتننامەی ئەستەنبووڵ"، توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەریش بۆ ڕێگری لێکردنیان نەگیراوەتەبەر.
ئۆزکاپلان ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژنانی ناوچەکە هەیە و گوتی: "هەژاری، گۆشەگیرکردنی ژنان و چوونە دەرەوەی هاوسەرەکانیان بۆ شارەکانی ڕۆژاوای تورکیا بە مەبەستی کارکردن، وایکردووە ژنان لەم ناوچەیەدا بە تەنیا بمێننەوە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی."
جێگری سەرۆکی سەندیکای وان باسی لە بوونی گوشارێکی زۆر لە شاری وان کرد و ڕایگەیاند: "دەبینین کە لە حاڵەتەکانی مردنی گوماناوی یان کوشتندا، بنەماڵەکان هەوڵ دەدەن ڕووداوەکان پەردەپۆش بکەن و وەک خۆکوژی نیشانی بدەن.
زۆرجار دۆسیەکان بەهۆی لێکۆڵینەوەی ناڕژد دادەخرێن. تەنانەت چەندین حاڵەت هەن کە ناگەنە میدیاکان و ئێمەش لێیان بێبەشین."
ئۆزکاپلان جەختی لەوەش کردەوە کە پێکهاتەی فیوداڵی و کۆمەڵگەی داخراو لە ناوچەی سەرحەد و وان وایکردووە کە هێشتا وەک پێویست تەماشای ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ نەکرێت، بۆیە کوژران یان پاڵپێوەنانی ژنان بەرەو خۆکوژی لە لایەن کۆمەڵگەوە بە ئاسایی وەردەگیرێت و دژکردەوەی بەرامبەر نادرێت.
دواجار داوای کرد کە ڕێکخراوەکانی ژنان، بارۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی هاوبەش کار بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لە مافەکانیان و پاراستنیان.