گفتوگۆکان لەبارەی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پەرەدەسێنن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەشنووسەکە بگاتە پەرلەمان. ئەم پڕۆژەیاسایە کە بەشێکە لە هەوڵەکانی چارەسەریی، قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا دەستپێدەکات.
سەرچاوەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرایان کردووە، سێ کۆبوونەوەی جیاواز لە نێوان شاندی ئیمراڵی و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئەنجامدراون؛ دەسەڵاتدارانی تورکیاش پەیامی کارکردنیان لەسەر یاسایەکی بەرفراوان داوە.
هەمان سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، هەر چوارچێوەیەکی یاسایی کە پێگەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکنەخات و هەموو لایەنەکان نەگرێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر پرۆسەکە. جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە یاساکە بەو شێوازە بێت کە لە 24ـی گوڵاندا لەگەڵ ئۆجالاندا گفتوگۆی لەسەر کراوە و نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان ئەو ئەندامانەی پەکەکەدا بکرێت کە پلان هەیە بگەڕێنەوە.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 13ـی تەممووز، ڕەشنووسەکە بگاتە دەستی پارتە سیاسییەکان بۆ تاوتوێکردن. دواتریش ئەگەری هەیە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی (پەروین بوڵدان، میدحەت سەنجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل) بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پڕۆژەیاساکە سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن.