پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە بەردەوام بێت، قەیرانێکی سەختی خۆراک لە جیهان دروست دەبێت.
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP ) لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشداریی دەدات و دەڵێت، ئەگەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، لە مانگی داهاتوودا ژمارەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی مەترسیی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە، دەگاتە 318 ملیۆن کەس.
ئاماژە بەوەشدەکات، جەنگ بووەتە ڕێگر لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ زۆرێک لە وڵاتە هەژارەکانی ناوچەکە، جەنگ نەک تەنیا کارەساتێکی هەرێمی، بەڵکو بووەتە هۆکاری قوڵتربوونەوەی قەیرانی برسییەتی لەسەر ئاستی جیهان و گەیاندنی بە ئاستێکی پێوانەیی، کە پێشتر تۆمار نەکراوە.
ڕێکخراوەکە دەشڵێت، بەردەوامیی جەنگەکە دەبێتە هۆی ئەوەی نزیکەی 45 ملیۆن کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک ببنەوە. بۆیە بەبێ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆ هاوکارییەکان، جیهان ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبێتەوە.