تۆڕی 8ی مارس، کە لە 24 ڕێکخراو و دەزگای مەدەنی پێکهاتووە، یاداشتێکی فەرمی ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان کرد. تۆڕەکە تێیدا داوای خێراکردنی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و ڕەوانەکردنی کەیسی عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا بۆ دادگا دەکات.
تۆڕی 8ی مارس لە یاداشتەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە خراپ بەکارهێنانی پێگەی ئەکادیمی بۆ بەرژەوەندی سۆزداری یان گێچەڵی سێکسی، پێشێلکارییەکی زەقی کارگێڕی و تاوانێکی گەورەیە.
داواکاری و بەڵێنەکانی تۆڕی 8ی مارس
ڕێکخراوەکانی ناو تۆڕەکە بۆ ئەم دۆسیەیە چەند خاڵێکی سەرەکییان خستووەتەڕوو:
دوورخستنەوەی دەستتێوەردان: داوا دەکەن کە بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی، کەیسەکە بەبێ چوونە ناوەوەی هێزە حزبییەکان ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و بنێردرێتە دادگای تایبەتمەند.
پاڵپشتیکردنی قوربانیان: ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی یاسایی و دەروونی بۆ ئەو خوێندکارانە دەربڕیوە کە ڕووبەڕووی قۆرغکاری و گێچەڵ بوونەتەوە.
پاراستنی زانکۆکان: جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە ئەم ڕێکارانە بگیرێنەبەر تاوەکو شکۆ، دڵنیایی و ئارامی بۆ ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان بگەڕێتەوە.