ڕاستەوخۆ

ستارمەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیاند

reset font size increase font size

 – کێیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێکی فەرمیدا لە بەردەم بارەگای ژمارە 10ی داونینگ ستریت، کاتی دەستلەکارکێشانەوە و وادەی دیاریکردنی سەرکردەی نوێی پارتی کرێکارانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە شا  چارلزی بەریتانیای لە بڕیارەکەی خۆی ئاگادار کردووەتەوە.

ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد، داوای لە کۆمیتەی جێبەجێکردنی نیشتمانیی پارتی کرێکاران کردووە کاتی بەڕێوەچوونی کێبڕکێی سەرکردایەتیی پارتەکە دیاری بکەن؛

 بە شێوازێک کە دەرگای خۆکاندیدکردن لە 9ی تەممووز دەکرێتەوە و لە 16ی تەممووزدا پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان دادەخرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە مانگی ئەیلوولدا، بەریتانیا دەبێتە خاوەنی سەرۆکوەزیران و سەرکردەیەکی نوێ.

"پەیامی پەرلەمانتارانی پارتەکەم گەیشت"

ستارمەر لە بەشێکی گوتارەکەیدا دانی بەوەدا نا کە لەژێر گوشاری پەرلەمانتارانی پارتەکەیدا ناچار بەم هەنگاوە بووە و گوتی: "من گوێم لە وەڵام و پەیامی پەرلەمانتارانی پارتەکەم بوو کە ئایا من گونجاوترین کەسم بۆ سەرکردایەتیکردنی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یاخود نا، منیش بە سنگێکی فراوانەوە ئەو وەڵامە قبووڵ دەکەم."

جەختیشی کردەوە کە تاوەکو کۆتاییهاتنی کێبڕکێیەکە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە شێوازێکی ئارام بەڕێوەبچێت.

ستارمەر بەرگریی لە دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا ئابووری بەهێز بووە، مووچە بەرزبووەتەوە، کاتی چاوەڕوانیی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان کەمبووەتەوە و نیو ملیۆن منداڵ لە هەژاری ڕزگارکراون.

گریان و سوپاسگوزاری بۆ هاوسەرەکەی

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، کێیر ستارمەر نەیتوانی کۆنترۆڵی هەستەکانی بکات و بە دەنگێکی لەرزۆک و پڕ لە گریانەوە سوپاسی "ڤیکتۆریا"ی هاوسەری کرد و بە "سەنگەر و پاڵپشتی هەمیشەیی" خۆی ناوزەد کرد.

گوتی؛" کاتێک گەورەترین پۆستی ئەم وڵاتە جێدەهێڵم، کاتی زیاتر بۆ گرنگترین کار تەرخان دەکەم؛ ئەویش بوونمە بە باشترین هاوسەر بۆ ڤیکی، کە لە خۆشی و ناخۆشیدا وەک شاخێک لە پشتم بوو، و دەبمە باشترین باوک بۆ منداڵەکانم کە شانازیی منن."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.