ڕاستەوخۆ

تەندروستیی کەژاڵ ڕەحمانی لە زیندان تێکچووە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکرێت

reset font size increase font size

دۆخی تەندروستیی کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکوانی مەدەنیی کورد و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، دوای 14 ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن لە زیندانی ژنانی شاری سنە بە توندی تێکچووە، و سەرەڕای دابەزینی فشاری خوێن و سەرگێژخواردنی توند، ئامادە نییە مانگرتنەکەی بشکێنێت یان لە نەخۆشخانەی زیندانەکە چارەسەر وەربگرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەژاڵ ڕەحمانی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە دەستبەسەرکردنی خۆی، هاوسەرەکەی (عیسا فەیزی) و برایەکی (دانیال ڕەحمانی) لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

بەرپرسانی داواکاری گشتی و شۆڕشی کامیاران ڕایانگەیاندووە کە ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات" لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ ماوەی 20 ڕۆژ بۆ دەرکراوە.

بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکان و هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان

بەگوێرەی زانیارییە نوێیەکان، کەژاڵ ڕەحمانی تا کاتێکی نادیار لە مافی پیوەندیکردن و چاوپێکەوتن بێبەشکراوە.

کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی دادگای کامیارانیان کردووە بۆ سۆراغی کچەکەیان، بەرپرسانی دادگاکە بە شێوازێکی توند وەڵامیان داونەتەوە و ڕایانگەیاندووە: "مانگرتنی کەژاڵ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوتی دۆسیەکەی نابێت و ئەگەر بەهۆی مانگرتنەوە گیان لەدەستبدات، تەنیا بڕوانامەیەکی مردنی بۆ دەردەکەین."

هاوکات لە کاتی چاوپێکەوتنێکی کورتدا لە 15ی حوزەیران، جێگری بەڕێوەبەری زیندانی ژنانی سنە بە ناوی (ناسری)، بەهۆی پابەندنەبوونی کەژاڵ بە "حیجابی زۆرەملێ"، سوکایەتی و پێشێلکاریی توندی بەرامبەر کردووە و هەڕەشەی تۆمارکردنی دۆسیەیەکی نوێی لێکردووە.

 تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی عیسا فەیزی (هاوسەری) و دانیال ڕەحمانی (برای) لەبەردەستدا نییە و ڕێگەیان پێنەدراوە پارێزەر بگرن.

ئامارێکی مەترسیدار لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

ئەم گوشارانە لە کاتێکدان کە بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRANA)، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا (2025) سزای لەسێدارەدانی بەسەر 2,063 کەسدا جێبەجێ کردووە، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا؛

 ئەمەش مەترسی و نیگەرانیی لایەنە مافپەروەرەکانی لەسەر چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی سیاسی و مەدەنی لە ئێران زیاتر کردووە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.