سارا ڕەشیدی کەچەڵانلوو، ژنی ۳۳ ساڵەی خەڵکی ماکوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە حەوت مانگە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و بێسەروشوێنە.
بەگوێرەی زانیاریی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ناوبراو لە ١ی کانونی دووەمی ئەم ساڵدا لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکان لە نزیک کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادگە دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەیەکی هەواڵگریی سوپا گواستراوەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ لای دەسەڵاتدارانی دادوەری و ئەمنیی کرماشان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی تەندروستیی نییە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لێ کەوتووەتەوە.