ڕاستەوخۆ

ئەحمەد شەرع: ناسەقامگیریی لوبنان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سوریا هەیە

reset font size increase font size

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی "ئەلەمەشھەد" وەڵامی ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە باسی لەوە کردبوو، سوریا لە شەڕی لوبناندا هاوکاری ئەمریکا دەکات.

ناوبراو  ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی هەردوو وڵات کرد و گوتی: "گەلی سوریا و لوبنان ئازارێکی زۆریان لە دەستی ڕژێمی بەعس چەشتووە؛ بۆیە ئێمە بۆ گەلی لوبنان بەشێکین لە چارەسەر، نەک بەشێک لە کێشەکان."

باسی لەوەش کرد، لە لوبنان چارەسەری بە شێوازەکانی ئێستای بۆردومان و ڕێگەی سەربازی بەدەست نایەت، لەم کاتەدا گرنگترین شت ئەوەیە شەڕ ڕابگیرێت.

"دەبێت حیزبوڵڵا چەک بکرێت"

شەرع لەبارەی تێڕوانینی نوێی سوریا بۆ پرسی لوبنان رایگەیاند:

"سیاسەتی سوریا تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێشنیارکردنی چارەسەری دیپلۆماسی. بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەمنی و سەقامگیر، دەکرێت پشت بە سوریا ببەسترێت."

باسی لەوەش کرد کە پێویستە هەموو لایەنە لوبنانییەکان بڕیار لەسەر چەککردنی حیزبوڵڵا بدەن و گوتی: "بۆ پرسی چەککردنی حیزبوڵڵا پێویستی بە نزیکبوونەوەیەکی ڕاست هەیە، ئەویش لە ڕێگەی گەڕان بەدوای بژاردەیەکی سازان لە نێوان هەموو لایەنە لوبنانییەکاندا دەبێت. ئێمە زۆر نیگەرانی دۆخی ئەمنی ناوخۆی لوبنانین، چونکە ناسەقامگیری لە لوبنان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سوریا هەیە و پێچەوانەکەش ڕاستە."

"بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە شەڕی سوریادا هەڵەیەکی گەورە بوو"

ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد کە ئەوان نایانەوێت حیزبوڵڵا بە تەواوی لەسەر نەخشە بسڕێتەوە و ڕایگەیاند، هەرچەندە حیزبوڵڵا لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گەورەی لە ئاوارەکردنی گەلی سوریادا هەبووە و ئەمەش برینێکی قووڵی لە دەروونی ئەواندا جێهێشتووە،بەڵام خواستی ئەوان لەناوچوونی ئەو حیزبە نییە.

سەرۆکی حکومەتی گواستنەوەی سوریا ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەیەکی قووڵیان لەگەڵ حیزبوڵڵادا هەیە، بەڵام دەیانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی لوبنان وەک قەوارە و دەوڵەت بمێنێتەوە.

 شەرع باسی لەوەش کرد کە بڕیاری بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو، پێشی وایە کە ئێستا هەموان لەم ڕاستییە تێگەیشتوون، تەنانەت سەرکردایەتی خودی حیزبەکەش.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.