سەرەڕای ئەو پشووە فەرمییانەی پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕاگەیاندرابوون، چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری وڵات بڕیاریان دا سێ ڕۆژی دیکە بۆ پشووەکانی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن زیاد بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەمەبەستی تەرخانکردنی سەرجەم توانا مرۆیی و ئەمنییەکان بۆ خزمەتکردنی ڕێوڕەسمەکە، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کردە پشووی فەرمی.
لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نەجەف، میسان، دیوانییە و زیقار ڕایانگەیاند کە سێ ڕۆژی دیکە دەخەنە سەر یامەکانی پشوو، تاوەکو ئاسانکاریی تەواو بۆ ئاڕاستەی جووڵەی سەردانیکاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بکەن.
شایەنی باسە: ساڵانە بە بۆنەی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێنەوە، ملیۆنان زیارەتکار و پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ڕوو لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن.