ڕاستەوخۆ

باندێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی تێکشکێنرا و 38 کیلۆگرام کریستاڵ دەستگیرکرا

reset font size increase font size

لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، باندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران و لە دەروازەی سنووریی عەرعەریش دەست بەسەر ۳۸ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا گیرا.

عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنە هەواڵگرییەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، پرۆسەکە بە هاوکاری و هەماهەنگیی چڕی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، و تێیدا گورزێکی کوشندە لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر وەشێنرا.

لە ڕونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو چالاکییە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی باندە نێودەوڵەتییەکە، دەست بەسەر ۳۸ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری کریستاڵدا گیراوە کە لەلایەن باندەکەوە بۆ کاری قاچاخچێتی و بڵاوکردنەوە ئامادە کرابوون.

سەبارەت بە پلانی باندەکە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان روونیکردەوە کە تۆڕەکە دەیانویست خاکی عێراق وەک ڕێڕەو و پردێک بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرەو یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن.

لەبارەی شێوازی شاردنەوە و گواستنەوەی ماددەکانەوە، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند کە ماددە هۆشبەرەکان بە شێوازێکی پیشەگەرانە لەناو تانکیی سووتەمەنیی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی باندەکەدا شاردرابوونەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە دەروازەی سنووریی عەرعەر و دەرباز ببن، لە ئەنجامی بەدواداچوونی مەیدانی و خستنەژێر چاودێریی وردی هێزە ئەمنییەکانەوە، دەستیان بەسەردا گیرا و پلانەکەیان پووچەڵکرایەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.