دادگەی تاوانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ گەڕاندنەوەی سامانە دزراوەکانی دەوڵەت، دەستیان بەسەر 27 ملیار دیناری دیکەدا گرتووە، کە لەلایەن چەند کەسێکەوە شاردرابووەوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕە پارەیە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتدا ئاشکرا بووە، کە ناوبراو لە ڕێگەی پڕۆژەکانەوە بەدەستی هێنابوون و بەشێکی لای کەسانی دیکە ئامانەت کرابوو. ئەم بڕە پارەیە دوای دانپێدانانی تۆمەتباران و بەدواداچوونی وردی دادگە دۆزراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە 30ی ئایاری ئەمساڵدا عەدنان جومەیلی بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتی دەستبەسەر کرا.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد، هێزێکی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، کامیل عەباس ئەشرەفی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدینیان لەسەر دۆسیەی پاکتاونەکردنی گەندەڵی دەستگیر کردووە.
دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسەی پارێزگای سەلاحەدین بەپێی فەرمانی دادگەی تایبەتمەند بووە و دەستبەجێ ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە تاوەکو ڕێکارە یاسایییەکان و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.