ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە هۆی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، نزیکەی هەزار و 500 کەشتیی لە کەنداوی فارس گیریان خواردووە.
ئارسینیۆ دۆمینگێز، لە کۆنفڕانسی دەریایی کیشوەری ئەمریکا لە پەنەما گوتی، ئێران لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە گەرووی هورمزی داخستووە، کە ڕێڕەوێکی گەورەی ترانزێتی نەوت و غاز و بازرگانی جیهانییە.
دەشڵێت، لە 80%ـی کەلوپەلی بەکارهێنراوی جیهان لەڕێگەی ڕێرەوە دەریاییەکان دەگوازرێنەوە و لە ئێستاشدا نزیکەی 20 هەزار ئەندامی تیمی کەشتیوانی و نزیکەی هەزار و 500 کەشتیی لە کەنداوی فارس گیریان خواردووە.
دۆمینگێز ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا 10 دەریاوان گیانیان لەدەستداوە و داوای لە وڵاتان کرد خۆیان لە ناردنی کەشتیی بۆ کەنداوی فارس بەدوور بگرن بۆ ئەوەی ڕێژەی کوژراوان لەمە زیاتر نەبێت و کەشتییەکان زیانی زیاتری ئابورییان بەر نەکەوێت.