شەپۆلی با و باران و تەرزەی بەهێزی دوێنێ زیانی زۆری بە تۆڕەکانی کارەبا لە دەڤەری ڕاپەڕین و سنووری پارێزگای سۆران گەیاندووە، بەهۆیەوە دەیان فیدەر و ستوونی کارەبا لە کار کەوتوون.
وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەنجامی با و باران و تەرزە بەهێزەکەی دوێنێی سنوری ڕاپەڕین، جگە لە دروستبوونی لافاو و ڕوخانی منارەی مزگەوتێکی ڕانیە و کەپری کاسبکاران، بووەتە هۆی کەوتنی 18 فیدەری کارەباش.
لە لایەکی دیکەوە ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند ڕۆژە لە سۆران و مێگەسور دوو محاویلە سوتاوە، هەروەها 13 ستونی کارەبای قەزای سیدەکانیش، کەوتوون و ئاو بردوونی.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی لافاوەوە لە قەزای چۆمان هەشت ستونی کارەبا کەوتوون و زیانیان بەرکەوتووە.