دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی پشکنینی ماڵی"عەفرا الشمری"، جێگری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرە لە پارێزگای سەلاحەدین، دەست بەسەر بەڵگەنامەی ٩٥ موڵکدا گراوە، و دەرکەوتووە کە ٢٧ دانە لەو موڵکانە بە شێوەیەکی وەهمی بە ناوی هاوسەرەکەیەوە تۆمار کراون بۆ شاردنەوەی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، لە پشکنینەکەدا جگە لە موڵکەکان، بڕێک پارەی نقد و زێڕ و ٣١ فۆڕمی سپی کە پەنجەمۆریان لەسەر بووە، لەگەڵ چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەر دەست بەسەردا گراون، و دادگاش فەرمانی بە دەستبەسەرکردنی هاوسەری گومانلێکراوەکە کردووە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن.
ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەڵمەتی فراوانی دژەتیرۆر و گەندەڵی ناسراو بە «عملیة الفجر» (پرۆسەی بەیان) دێت کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەستی پێکردووە و تێیدا چەندین بەرپرس و فەرمانبەری دەوڵەت بە تۆمەتی گەندەڵی، دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی و سپیکردنەوەی پارە رووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە.