بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق نزیکبوونەوەی کاراکردنی سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنیی ڕاگەیاند، کە پشت بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (ئەی ئای) دەبەستێت.
عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سیستەمە نوێیەکە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت، بەمەش هاوڵاتییان دەتوانن سەرجەم مامەڵەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، گواستنەوەی خاوەندارێتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ڕابپەڕێنن.
بە گوێرەی گوتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ، ئەم سیستەمە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێگری لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان لەگەڵ کارمەندان جێبەجێ دەکرێت، بە شێوازێک کە سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان تەنیا لە کۆتا قۆناغدا دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەی ڕەسمیی مۆڵەت یان ساڵیانە.
عودەی سەمیر جەختی کردەوە، تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کۆتاییان هاتووە و کاراکردنی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و چاودێریی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.