ڕاستەوخۆ

حکومەتی عێراق پێشنیازێکی شەش خاڵی بۆ ڕێکخستنی چەکی گروپە چەکدارەکان دەخاتە ڕوو

reset font size increase font size

حکومەتی عێراق لە ڕێگەی سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدییەوە پێشنیازێکی شەش خاڵی ئاراستەی گروپە چەکدارەکان کردووە بە مەبەستی ڕێکخستنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە جێبەجێکردنی دوا قۆناغی تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2027 دەخایەنێت.

حەیدەر فوئادی، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بڕگە سەرەکییەکانی پێشنیازەکەی ئاشکرا کرد، دەستپێکەکەی لە 30ی ئەیلولی 2026 دەبێت، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنی نەخشەرێگەی کارەکە.

بە گوێرەی پلانەکە، قۆناغی دووەم تەرخان دەکرێت بۆ 90 ڕۆژ ئاگربەست و هێورکردنەوەی دوولایەنە لە نێوان گرووپەکان و ئەمریکا بۆ دروستکردنی متمانە، دواتر لە قۆناغی سێیەمدا ڕادەستکردنی پلەبەندیی چەکەکان بەپێی میکانیزمی ڕێککەوتووش دەست پێ دەکات.

لە بڕگەی چوارەم و پێنجەمدا جەخت لەسەر تێکەڵکردنی ئەندامانی ئەو گرووپانە کراوەتەوە وەک تاک لە نێو دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە فەرمییەکاندا، بەجۆرێک پێگەیان وەک هێزی سەربەخۆ کۆتایی پێ بێت، هەروەها هەموو پرۆسەکە تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2027 کۆتایی پێ دێت و لە دوای ئەو وادەیەش هەر چەکدارێک لە دەرەوەی یاسا بمێنێتەوە، وەک قەوارەیەک لەیاسادەرچووی نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتن کراوە ناونیشانی پرۆسەکە لە چەکداماڵینەوە بگۆڕدرێت بۆ ڕێکخستنی چەک و چارەسەرکردنی بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان.

گروپی ئەسحابولکەهف هەر جۆرە دەستبەرداربوونێک لە چەک ڕەت دەکاتەوە تا ئەو کاتەی تەواوی هێزە بیانییەکان بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە عێراق دەکشێنەوە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.