لە کاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراوی حکومەتی عێراق بۆ خستنەژێر سەروەریی دەوڵەتەوەی چەک ماوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بە ئاراستەی درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ سێ مانگی دیکە هەنگاو دەنرێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییە توندەکانی واشنتن.
کۆتایی ئەم مانگە عێراق ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێتەوە کە خۆی لە جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک بە تەنها لە دەستی دەوڵەت و کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان دەبینێتەوە. سەرەڕای ئەوەی سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەت، لەوانە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەکە لە وادەی خۆیدا دەکەن و دەڵێن هیچ ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی نییە، بەڵام زانیاریی ئاگادار پێچەوانەکەی نیشان دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی (جەزیرە) کە لە زاری سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاوکرایەوە، ئەمریکییەکان دوو نامەی تووندیان گەیاندووەتە بەغدا و بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق بۆ چەکداماڵینی گرووپەکان تەنها ڕووکارە و بە کرداریی هیچ نەکراوە، هۆشداریشیان داوە کە پاشگەزبوونەوە لە پرۆسەکە بە مانای سزای زیاتر بۆ سەر عێراق و دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیران دێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای سووربوونی حکومەت، بەهۆی ئەوەی گرووپەکان دەیانەوێت سەرەتا دڵنیاببنەوە لە کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان، بە ئاراستەیەکی زۆردا پێشبینی دەکرێت وادەی چەکداماڵین بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تا سەرەتای ساڵی نوێ درێژبکرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا، ئەسکەندەر وەتووت، یەکێک لە سەرکردەکانی چارچێوەی هەماهەنگی، دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی دوای 30ی ئەیلوول، مۆڵەتێکی 90 ڕۆژیی دیکە بدرێتە گرووپە چەکدارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە.