ڕاستەوخۆ

وەزیری وزەی ئەمریکا: تەنها لە ڕۆژی چوارشەممەدا 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە

reset font size increase font size

وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی پاڵێوراو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، و زیادکردنی هەناردەی نەوتیش لە ڕێگەی گەرووی بابولمەندەبەوە بە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بۆ ناوچەکە و جیهان دەزانێت.

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کرد کە تەنها لە ڕۆژی چوارشەممەدا، نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمهێنراو بەو ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا تێکڕای ڕۆژانەی تێپەڕبوونی نەوت لەو ڕێڕەوەدا لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا بە نزیکەیی 11 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.

لەبارەی دۆخی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتیشەوە، وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان لە هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعودی بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆرییەکە جارێکی دیکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، کریس ڕایت جەختی لە گرنگیی بەدیلەکانی گواستنەوە کردەوە و ڕایگەیاند، زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی بابولمەندەبەوە هەنگاوێکی گەورە و ستراتیژییە بۆ ناوچەکە و بازاڕەکانی جیهان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.