عێراق و سوریا، رێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فراوانکردنی هەناردەی عێراق بۆ بازاڕەکانی سوریایان تاوتوێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ئاسایی 118ـی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمکاری عەرەبی قاهیرە، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی لەگەڵ محەمەد نیدال شەعار، وەزیری ئابووری و پیشەسازی سووریا کۆبووەوە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، تەوەری سەرەکی قسەکردن بوو لەسەر فراوانکردنی هەناردەی عێراق بۆ بازاڕەکانی سوریا، بەتایبەت چیمەنتۆ و قیر، ئامانجیش لەم هەنگاوە، بەشداریکردنە لە گەشەپێدانی جووڵەی بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ کەرتی تایبەت لە هەردوو وڵات.
وەزارەتەکە دەڵێت، پێویستە بەربەستەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی لاببرێن، تا زۆرترین سوود لە دەرفەت و تواناکان وەربگیرێت.