دزینی «بەردی ساڵەنسە» لە ئۆتۆمبێلە نوێ و بەکارهاتووەکان لە عێراق بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و لە هەڵکشاندایە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای پارچەکەوەیە کە بە 500 دۆلارە.
بەردی ساڵەنسە یان بەردی ژینگە پارچەیەکی کانزاییە لە سیستمی دەردانی دووکەڵ دەبەسترێت و گازە ژەهراوییەکان دەکاتە گازی کەم زیان، بەڵام لێنکردنەوەی بووەتە هۆی زیادبوونی سوتەمەنی، زیانگەیاندن بە بزوێنەر و بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە.
پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن، کە نەبوونی ئەم پارچەیە دەبێتە هۆی دەرچوونی گازی مەترسیداری وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دروستبوونی دووکەڵی ڕەش.
فەیاد دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی کۆنتڕۆڵی جۆری ڕایگەیاند، پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان بەردەوامن تاوەکو دڵنیا ببنەوە لە بوونی بەردی ساڵەنسە. هاوکات عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتی ئاشکرای کرد، بەنیازن ڕێنمایی نوێ دەربکەن بۆ ئەوەی لە کاتی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا (هەزە) بوونی بەردی ساڵەنسە بکەنە مەرجێکی ناچاری تاوەکو ڕێگری لەم دیاردەیە و پیسبوونی ژینگەی شارەکان بکەن.