دانە گاز دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕادەگەیەنێت
کۆمپانیای دانە گاز لە ڕاگەیەندراوێکدا،، کە ئاراستەی بۆرسەی ئەبوزەبی کردووە، ڕایگەیاند کە دوای وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنیی ڕوون لە بەرزترین ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە شێوەیەکی پلەبەندی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرز دەکەنەوە.
شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز ئاشکرای کرد، تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە دەگەیەننەوە 100%ی ئاستی پێشووی خۆی، ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، لە 16ی تەممووزی 2026دا دانە گاز بەهۆی ڕەوشی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت، کە بووە هۆی لەدەستدانی 2500 مێگاوات توانای کارەبای نیشتمانی.
کێڵگەی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتییە لە سەرانسەری عێراقدا و بە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.